دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خالید محه‌مه‌دزاده:
دیمانه: عه‌لی بداغی
خالید محه‌مه‌دزاده ناوێكی دیار‌و ناسراوه له پانتایی رۆژنامه‌نووسیی ئه‌مڕۆی كوردستان دا.پێوه‌ندی‌و تێكه‌ڵاوییه‌تی باشیشی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسانی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و ئێران دا هه‌یه. له به‌ره‌به‌ری رۆژی جیهانیی ئازادیی چاپه‌مه‌نیی‌دا به باشمان زانی كۆمه‌ڵێك پرسی پێوه‌ندیدار به رۆژنامه‌نووسیی كوردی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و له ژێرسێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیی له‌گه‌ڵ دا بێنینه به‌رباس.
ـ رۆژی سێزده‌هه‌می بانه‌مه‌ر(3ی مای) رۆژی جیهانی چاپه‌مه‌نییه، پێتوایه رۆژنامه‌نوسانی كورد له رۆژهه‌لاتی كوردستان له چ دوخێك دا پێشوازی له‌و رۆژه ده‌كه‌ن؟
له ولاتێك دا كه ئازادیی رۆژنامه‌نووسی بوونی نیه‌و له هه‌مووی گرنگتر پیشه‌ی رۆژنامه‌وانی نه‌هادینه نه‌كراوه‌و رۆژنامه‌نووس وه‌ك دوژمن سه‌یر ده‌كرێ‌و یاسایه‌ك نیه بۆ پاراستن یان، بلێی ئه‌م توێژه چون پێشوازی له رۆژێكی وا بكه‌ن؟ له راستی دا غه‌می رۆژنامه‌وانی كورد له ئێران پێش ئه‌وه‌ی غه‌می پێشوازی له وه‌ها رۆژێك بێ، غه‌می پاراستنی گیان‌و حۆرمه‌تی پیشه‌و ماف‌و ئه‌ركی رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یه‌تی. له بیرت نه‌چێ راست له رۆژێك دا كه به رۆژی رۆژنامه‌نووسی كوردی ناوزه‌د كرابوو چوار رۆژنامه‌نوسی كورد راپێچی دادگای سنه كران‌و هه‌ر ئێستاش چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ش له چاوه‌روانیی حوكمی دادگا دان. من پێموایه ئه‌م رۆژه‌ش ده‌توانێ رۆژێكی ئاسایی دیكه بێ بۆ رۆژنامه‌نوسان، ئاسایی نه‌ك به‌و مانایه كه ئه‌م رۆژه گرنگی خوی نه‌بێ بۆ رۆژنامه‌نووسان، به‌ڵكوو ئه‌م رۆژه له ئێران هیچ ره‌سمییه‌تێكی نیه‌و حاكمییه‌ت به توندی په‌لاماری ده‌دا، به بوونی ئه‌و واقێعه‌ش ئه‌مه‌ش وه‌ك وتم ناتوانێ غه‌می رۆژنامه‌نوسان بێ، به‌ڵكوو ئێستا نه‌بوونی تریبون‌و بلاوكراوه‌ی ئازاد‌و ئه‌منیه‌تی پیشه‌یی‌و شوێنێك بۆ قسه‌كردن‌و كۆكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌نوسان ده‌توانێ له گرنگترین غه‌مه‌كانی ئه‌م توێژه بێ. هه‌موو رۆژنامه‌و بلاوكراوكان داخران‌و په‌روه‌نده‌ی زۆرێك له رۆژنامه‌نوسان له دادگاكان كۆتایی پێ نه‌هاتووه، من پێشتر له نووسینێك دا ئه‌و فه‌زایه‌ی كه رۆژنامه‌نووسان كاری تێدا ده‌كه‌ن شوبهاندبووم به كێلگه‌یه‌ك له مین‌و، رۆژی جیهانیی چاپه‌مه‌نییش ده‌توانێ یه‌كێك له‌و هۆكارانه بێ بۆ گرتن‌و زیندانی كردنی چه‌ند رۆژنامه‌نووسی دیكه به‌و بیانوویه‌ی به پێشوازی ئه‌م رۆژه‌وه ده‌چن. بۆیه به داخه‌وه ناتوانم بلێم پێشوازی له‌م رۆژه سه‌رنج راكێش ده‌بێ.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه چاپه‌مه‌نیی كوردیی رۆژهه‌لاتی كوردستان له رووی چه‌ندایه‌تی‌و چونایه‌تییه‌وه چۆن هه‌ڵ‌ده‌سه‌نگێنی؟
ئێستا كه باس له چاپه‌مه‌نی كوردی له ئێران ده‌كه‌ین له بیرت نه‌چێ زۆربه‌ی بلاوكراوه كوردییه‌كان داخروان، میدیای جێی باوه‌ر‌و خوێنه‌رپه‌سند بوونی نیه‌و، له پاڵ ئه‌و راستییه‌ش دا چاپه‌مه‌نیی كوردی له ئێران واقێعی نه‌خوێندراوه. به‌و مانایه كه كه‌مترین خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نی كوردی به سه‌ر چه‌ند قۆناغی لێكدابڕاو‌و جیاوازدا دابه‌ش ده‌كرێ، به‌ڵام هه‌رقۆناغێك ده‌توانێ ده‌ركه‌وته‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێ‌و هه‌ر هه‌مووشیان ده‌كه‌نه‌وه ناو ئه‌و كاروانه كه به كاروانی رۆژنامه‌نووسی كوردی ناودێر كراوه. به‌لام به بوونی ئه‌و مێژوویه‌و ئه‌وخه‌ساره به‌رچاوه‌ی رووی له رۆژنامه‌نووسی كوردی كردوه به باوه‌ری من مێژووی نوێی رۆژنامه‌وانیی كوردی هه‌م له رووی چه‌ندایه‌تی‌و هه‌م له رووی چونایه‌تیه‌وه ده‌توانێ سه‌رنجراكێش بێ. رۆژنامه‌وانی كوردی لێره‌دا جێگای خوی ده‌گرێ‌و زۆرترین رۆژنامه‌نوس‌و زۆرترین بلاوكراوه دێنه ده‌ركه‌وتن. ده‌یه‌ی 70و نیوه‌ی یه‌كه‌می ده‌یه‌ی 80ی هه‌تاوی پركارترین وه‌رزی رۆژنامه‌نووسیی كوردی له ئێران دا ده‌بێ. هاوكات له گه‌ل ئه‌وجموجۆله هه‌لسوورانێكی به‌رچاوی فه‌رهه‌نگی ده‌ست پێ ده‌كا‌و كۆمه‌لگا وێنه‌یه‌كی دیكه له خوی پێشان ده‌دا‌و ده‌نگ‌و ره‌نگی نوێ ده‌ر ده‌كه‌ون. كوردستان‌و كوردستانییه‌كان له رێگای رۆژنامه‌نوسییه‌وه هه‌ول ده‌دن زۆرترین ته‌عبیر له خویان بكه‌ن. رۆژنامه‌نووسیی لێره‌دا له نه‌بوونی تریبونه‌كانی دیكه ئه‌ركی زۆر قۆرستر ده‌كه‌وێته سه‌ری. ده‌بێ به‌زمانحالی بێ زمانان. ئه‌و قۆناغه بۆ رۆژنامه‌نووسیی كوردی رێنێسانسێكی به‌رچاو بوو‌و زۆر شوێنه‌واری له خوی به جێهشت كه ره‌نگه له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا مه‌جالی خستنه‌رووی ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌رهه‌لدانه‌مان نه‌بێ.
رۆژنامه‌نووسیی كوردی تا چه‌ند توانیویه‌تی له سه‌ر ژیانی كۆمه‌لایه‌تی، سیاسی‌و پێشڤه‌چوونی ئاستی وشیاریی گشتیی كوردی رۆژهه‌لات كاریگه‌ریی خوی دابنێ؟ واته ده‌ستكه‌وته‌كانی رۆژنامه‌نووسی له‌و به‌شه‌ی كوردستان چون پۆلین ده‌كه‌ی؟
وه‌ك ده‌زانی كۆماری ئیسلامی دوای هێرش هینانه سه‌ر كوردستان‌و راونانی هه‌موو حیزبه سیاسییه‌كان‌و په‌ره‌پێدانی فه‌زای تیرۆر‌و تۆقاندن، ترسێكی زۆر گه‌وره‌ی له كوردستان به‌رهه‌م هێنا. به‌رچاوترین كاریگه‌ریی رۆژنامه‌نووسی كوردی له‌و قۆناغه به بروای من لابردنی ئه‌و ترسه بوو. ئه‌گه‌ر ده‌یه‌ی 60و ساله‌كانی هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی ده‌بێته ده‌یه‌ی بێ ده‌نگكردنی كۆمه‌لكای كوردی له ناوخۆدا، ئه‌وه ده‌یه‌ی 70 واته ده‌یه‌ی رۆژنامه‌نووسی ده‌یه‌ی شكاندنی ئه‌و بێ ده‌نگی‌و ترسه ده‌بێ. ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی رۆژنامه‌وانی كوردی، شكاندنی ئه‌و سانسۆر‌و بێ ده‌نگییه‌ی بوو كه بالی كێشابوو به سه‌ركوردستانی ئێران. ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی ئه‌و بواره له دایكبوونی رۆژنامه‌وانیی ئازاد بوو، تا ئه‌م ساته له كوردستانی ئێران رۆژنامه‌وانی ئازاد مانا نادا. وه‌ك ده‌زانی لای ئێمه رۆژنامه‌وانی تا ئه‌و سالانه‌ش به سه‌ر دوو بواری حكومه‌تی‌وحیزبی دا دابه‌ش ده‌كرا. به ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ره‌وته رۆژنامه‌وانیی حكوومه‌تی ده‌كه‌وێته پاشه‌كشه‌یه‌كی سه‌یره‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانم بلێم ئێستا رۆژنامه‌وانیی حكوومی نه ته‌ئسیری ماوه‌و نه خوێنه‌ریشی هه‌یه. رۆژنامه‌وانی حیزبیش كه‌مترین ده‌وری هه‌یه. زیاتر ته‌ئسیر په‌زیره تا ته‌ئسیر گوزار. به‌لام رۆژنامه‌نووسیی ئازاد له‌و سالانه‌دا تریبوونێكی باوه‌رپێكراو بوو بۆ ته‌عبیر له كۆمه‌لگای كوردی‌و من پێم وایه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ره‌تانی كار‌كر‌ن هه‌بووه رۆژنامه‌نووسان توانیان مودیلێكی دیكه‌و جیاوازمان له‌كاری رۆژنامه‌نووسی بۆ یه‌كه‌مجار له‌كوردستانی ئێران بخه‌نه‌روو.
رۆژنامه‌نوسانی كوردی رۆژهه‌لات چه‌ند له‌ماف‌و ئیمتیازه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان به‌هره‌مه‌ندن؟و پێگه‌ی رۆژنامه‌نوسانی كورد له پێكهاته‌ی ده‌سه‌لات‌و ئاستی كۆمه‌لگا چون هه‌ڵ‌ده‌سه‌نگێنی؟
رۆژنامه‌نووسانی كورد له ئێران هیچ ماف‌و ئیمتیازێكی تایبه‌تییان نیه‌و له هه‌ر ماف‌و ئیمتیازێكیش بێ به‌هره كراون‌و رۆژانه‌ش په‌لاماری ماف‌و ده‌ستكه‌وته‌كانیان ده‌درێ. ئه‌وه‌ی به ناوی رۆژنامه‌نووسیی كوردی ناوی لێ ده‌بردرێ‌و قورسایی خوی سه‌پاندوه‌و وای كردوه ئه‌ورۆ ئێمه لێی بدوێین، به‌رهه‌می هه‌ول‌و خه‌باتی كه‌سانێكه كه بی َگوێدانه هێله سووره‌كان‌و چاوسووركردنه‌وه‌كان‌و كوسپه‌كانی ناوخوی كۆمه‌لگای كوردیش سالانێكه كاری تێدا ده‌كه‌ن. رۆژنامه‌نووسی كورد له‌به‌رامبه‌ر كارێك دا كه ده‌یكا هیچ ده‌ستكه‌وتی ماددیی نیه‌و پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی لای ئێمه پیشه‌ی یه‌كه‌م نیه بۆ ژیان‌و كاتێكیش راپیچی دادگاكان ده‌كرێن، نه‌ك وه‌ك رۆژنامه‌نوس به‌ڵكوو وه‌ك كۆمه‌لێك كه‌سی یاغی له گه‌لیان به‌رخورد ده‌كرێ. به‌لام له پێوه‌ندیی له‌گه‌ل به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌كه‌تان دا كه باس له پێگه‌ی ئه‌م توێژه له پێكهاته‌ی ده‌سه‌لات ده‌كه‌ی، ده‌مه‌وێ پێت بلێم كه رۆژنامه‌نووسانی كورد نه‌ك هیچ پێگه‌یه‌كیان له ده‌سه‌لاتی سیاسی نیه به‌لكوو ئه‌م ده‌سه‌لاته تا سه‌ر ئیسقان به دژی ئه‌م توێژه جوولاوه‌ته‌وه‌و له ماوه‌ی سالانی رابردووش دا زۆرترین رۆژنامه‌نووسی راپێچی دادگا كردوه. من لێره‌دا كه باس له رۆژنامه‌نوسی كورد له ئێران ده‌كه‌م مه‌به‌ستم رۆژنامه‌نوسانی ئازاده‌و هیچ شتێكی هاوبه‌ش رۆژنامه‌نووسانی ئازاد‌و ده‌سه‌لات لێكتر كۆناكاته‌وه‌و دنیایه‌ك جیاوازی له نێوانیان دا ده‌بینرێ. ئه‌م توێژه زۆرترین زه‌ربه‌یان لێ كه‌وتوه. هه‌ڵشاخان به‌رانبه‌ر به رۆژنامه‌نووسانی ئازاد سیمای دیاری ئه‌م سالانه‌ی دوایی بزاڤی رۆژنامه‌نووسییه. به‌لام له پێوه‌ندیی له گه‌ل پێگه‌ی رۆژنامه‌نووسان له كۆمه‌لگادا ده‌توانم بلێم كه ئێستا ئیدی رۆژنامه‌نووسان توێژێكی دیار‌و ناسراو‌و چالاكی كۆمه‌لگان. ئێستا كه‌مپێنی چه‌ند سه‌د كه‌سی بۆ ئازادیی رۆژنامه‌نووسان وه‌ڕی ده‌خرێ، هه‌والی گرتن‌و دادگایی كردنی رۆژنامه‌نوسان له‌و هه‌واڵانه‌ن كه ده‌یانخوێنینه‌وه، ئێستا به داخستنی بڵاوكراوه‌كان زۆرترین ویبلاگ‌و سایتی ئه‌نتیرنیتی له كوردستانی ئێران كاری له سه‌ر ده‌كرێ كه هه‌مووی ئه‌مانه پێگه‌ی رۆژنامه‌نووسیی كوردی له ئێران پێشان ده‌دا‌و به بروای من ئه‌مه گرنگه.
هۆكاره‌كانی نه‌بوونی ناوه‌ندێكی داكۆكیكه‌ر له رۆژنامه‌نووسانی كورد و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م دامه‌زرانی رێكخراوێكی سینفی ئه‌وتۆ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م رۆژنامه‌نووسی كوردی ده‌توانێ چی بێ؟
له راستی دا ده‌توانین گه‌لێك هۆكار لێره‌دا نێو به‌رین. من لێره‌دا ناچمه سه‌رهه‌ر هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌كرێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناكوردی پێكی بێنێ‌و هه‌ر هه‌مووشمان ده‌توانین باسیان بكه‌ین. من گۆمانم نیه كه ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ی بۆی بكرێ ناهێلی رێكخراو‌و دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له كوردستان دا پێك بێ چ بگا به دامه‌زرانی رێكخراوێكی تایبه‌ت به رۆژنامه‌نوسان. دیاره له ئاستی سه‌رتاسه‌ریش دا ئه‌و مه‌جال‌و ئازادییه بۆ دامه‌زرانی رێكخراوێكی تایبه‌ت به رۆژنامه‌نووسان پێك نه‌هاتوه‌و ئه‌وناوه‌ندانه‌ش كه هێندێك جار وه‌ك "ئه‌نجومه‌نی سینفیی رۆژنامه‌نووسان" ناوی لێ ده‌برێ له پێكهاته‌یه‌كی مه‌حفه‌لی‌و پرسیار خۆڵقێن له ناو رۆژنامه‌نووسان زیاترنین. كه‌واته له كوردستان وه‌زعه‌كه داخاوی تره.
له پاڵ ئه‌وه‌دا كه رۆژنامه‌نووسی له كوردستانی ئێران دا مێژوویه‌كی هه‌یه به‌لام به هه‌رحال پیشه‌یه‌كی تازه‌یه‌و كادری حیرفه‌یی‌و رۆژنامه‌نووسی ته‌واو وه‌خت كه هه‌موو كاتی خوی بۆ ئه‌م پیشه ته‌رخان كردبێ له قامكه‌كانی ده‌ست تێ په‌ر ناكه‌ن یا هه‌ر نین. ئه‌مه ده‌توانێ گرفت بێ. له‌پال ئه‌م راستییه‌ش دا ئێمه كه‌مترین ئه‌زموونمان هه‌یه، كه‌مترین بڵاوكراوه‌مان هه‌بوه‌و كه‌مترین ده‌ره‌تانمان هه‌بوه بۆ كاری رۆژنامه‌نووسی‌و وه‌زعی ئه‌منیه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردیش بۆ خوی كۆسپیكی دیكه‌یه. خاڵێكی دیكه ده‌ستێوه‌ردانه حیزبی‌و مه‌یله سیاسییه‌كانی ناو خودی رۆژنامه‌نووسان‌و نه‌بوونی باوه‌ڕمه‌ندی له فه‌زای چاپه‌مه‌نی له كوردستان دایه‌و كه "توهم پیلان"و بلاوكردنه‌وه‌ی تۆوی دوودڵی له لایه‌ن حاكمییه‌تیشه‌وه گرفتێكی دیكه‌ی به‌رده‌م یه‌كگرتنی رۆژنامه‌نووسانه. هه‌موو هه‌وڵێك به چاوی گۆمانه‌وه سه‌یر ده‌كرێ. ساڵی پار له شاری سنه چه‌ند دوستێك "ناوه‌ندی نووسه‌رانی كورد"یان راگه‌یاند. وێرای ئه‌وه‌ی كه ئه‌ندامانی ئه‌م ناوه‌نده بانگێشتنی ئیداره‌ی ئیتلاعات كران، له ناو كۆمه‌لگای كوردییشه‌وه چه‌ندین ده‌نگی موخالیف به‌رز بوونه‌وه. یه‌كێك ده‌یگوت ئه‌مانه ده‌بێ ناوی خۆیان بگۆرن، یه‌كێكی دیكه‌ی ده‌یگوت ئه‌مانه نووسه‌ر نین‌و هه‌زارو یه‌ك بیانووی دیكه. به گشتی‌و به داخه‌وه فه‌زایه‌كی ناسالم زاله به سه‌ر بواری رۆژنامه‌نوسیی له كوردستانی ئێران دا. كێشه‌كانی ناوخۆی كوردستانی ئێرانیش له به‌رده‌م دامه‌زرانی ناوه‌ندێكی داكۆكیكار له رۆژنامه‌نووسان زۆرن‌و به داخه‌وه هه‌مووهه‌ولێك به گۆمانه‌وه سه‌یر ده‌كرێ‌و به نیسبه‌ت فشاره‌كانی حاكمییه‌تیش له سالی رابردووش دا نامه‌وێ درێژدادری َبكه‌م‌و سه‌رنجتان راده‌كێشم بۆ راپۆرتی سالانه‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان كه ئامارێكی به‌رچاوی له دادگایی كردنی رۆژنامه‌نووسانی له ماوه‌ی سالی رابردوودا خستوته روو. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له بیرت نه‌چێ ئێستا زۆربه‌ی گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌كان داخروان. نه‌بوونی رۆژنامه‌و بڵاوكراوه گرفتێكی دیكه‌ی پێك گه‌یشتنی رۆژنامه‌نووسانه. شوێنی بلاوكردنه‌وه گرفتی سه‌ره‌كیی به‌رده‌م رۆژنامه‌نوسانه. تو نازانی باوه‌ر به چ تریبوون‌و بلاوكراوه‌یه‌ك بكه‌ی بۆ بلاوكردنه‌وه‌ی نووسین‌و بۆچوونێكت. ئێستا ئێمه له به‌رده‌م كه‌مترین بلاوكراوه‌ی باوه‌رپێكراوداین. به وته‌ی دوستێك فه‌زایه‌كی گۆرستانی بالی كێشاوه به سه‌ر چاپه‌مه‌نییه‌كان له كوردستان دا. هه‌ر چه‌ند له‌م چه‌ند ساله‌ی دوایی دا چه‌ند سایت‌و ویبلاگێك له غیابی بلاوكراوه‌كان دا توانیان رۆلی باش بگێرن. به‌ڵام ئه‌مه ته‌واو نیه‌و ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ به دانانی میدیا‌و بڵاوكراوه‌ی ئازاد‌و دێموكراتیك‌و هه‌وڵ بدرێ كۆسپه‌كانی سه‌ر رێگای پێكهاتنی ناوه‌ندێك بۆ داكۆكیی له رۆژنامه‌نووسان وه‌لابنرێن.
پرسی نه‌ته‌وه‌یی‌و داوا نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد چه‌ندی له پانتایی رۆژنامه‌نووسیی كوردی له‌كوردستانی ئێران دا داگیر كردوه؟
پێش هه‌موو شتێك ئه‌مه پێوه‌ندیی به‌وه هه‌یه كه تو وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك "پرسی نه‌ته‌وه‌یی" چون پێناسه ده‌كه‌ی‌و"داواكانی كورد" لای تو چی ده‌گه‌یه‌نێ‌و رێكاری تو وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك بۆ باسكردنیان چون ده‌بێ؟ هێندێك كه‌س ئه‌م پرسه‌یان كورت كردۆته‌وه سه‌ر نووسینی كۆمه‌لێك شیعار‌و شێعر‌و په‌خشان‌و نووسینی وتاری ئیحساسی‌و توند. خه‌لكانێكی دیكه‌ش هه‌ن هه‌مان پرس به شێوه‌یه‌كی عه‌قلانی‌و ته‌حلیلی‌و دوور له گرژی‌و ئالۆزی نانه‌وه له لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌كان ده‌خه‌نه روو. هه‌ر چه‌ند دید‌و تێگه‌یشتنی رۆژنامه‌نووسان‌و شێوه‌ی كاركردنیان له سه‌ر ئه‌و پرسه جیاوازه. به‌لام پرسی كورد له رۆژنامه‌نووسی كوردی هیچ كات پرسێكی غایب نه‌بووه. ئه‌وانه‌ی رۆژنامه‌نووسان تاوانبار ده‌كه‌ن كه بایه‌خ به پرسی كوردی ناده‌ن، پێم وایه خوێنه‌ری باش نین یا ده‌یانه‌وێ هه‌موو شتێك به پێی میتۆد‌و ئاراسته‌ی خۆیان دا بچێته پێش. بۆ نموونه ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی "كوردستان"ی حیزبی دێموكرات له سه‌ر پرسی كورد كردوویه‌و ده‌یكا به ته‌واوی جیاوازه له‌و كاره‌ی كه " پیام كردستان" له قۆناغی یه‌كه‌می خوی له مه‌هاباد كردی. ئه‌م بڵاوكراوه‌یه به كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی "مێژووی زاره‌كی"و"لاپه‌ڕه‌ی میوان" مه‌جالێكی باشی بۆ قسه‌كردن له سه‌رپرسی كورد پێك هێنا. ئه‌وه‌ی كه گۆڤاری "تیشك" وه‌ك گۆڤارێكی ته‌حقیقی له ژماره‌كانی خوی دا له سه‌ر پرسی كورد كردوویه به ته‌واو جیاوازه له‌وكاره‌ی كه گوڤاری"راڤه" له سه‌رپرسی كورد ده‌یكا. جا ره‌نگه من كاركردی ئه‌وانه‌م به دل نه‌بێ به‌لام له بیرت نه‌چێ خوێنه‌ریان هه‌بووه‌و ئه‌م پرسه‌شیان شه‌ن‌و كه‌و كردوه.
رۆژنامه‌نووسیی كوردی هه‌ڵقۆڵاوی ناو كۆمه‌ڵگای كوردییه. بێ گۆمان ئه‌م بواره چه‌نده ته‌ئسیرگوزاره ئه‌وه‌نده‌ش ته‌ئسیر په‌زیره. چاره‌سه‌رنه‌بوونی پرسی كورد بارێكی گه‌وه‌ری خستۆته سه‌رشانی رۆژنامه‌نووسیی كوردی. من پێم وایه ئه‌وه‌نده‌ی مه‌جالی قسه‌كردن بووبێ له‌م بواره‌دا زۆرترین كار كراوه. ئه‌و گۆڤاره ته‌حلیلی‌و رۆژنامه‌و نووسین‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له‌و بواره‌دا بڵاو بوونه‌ته‌وه ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه كه پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له پرسه گرنگه‌كانی رۆژنامه‌نووسی ده‌بێ. له نموونه هێنانه‌وه خۆ ده‌بوێرم به‌لام زۆر شتی جوان له سه‌ر پرسی كورد له بڵاوكراوه غه‌یره حیزبییه‌كان نووسران كه هیچ كات ئه‌و جۆره نووسینانه‌مان له بڵاوكراوه‌ی حیزبه‌كان دا نه‌دی. له غایب بوونی بڵاوكراوه‌و میدیای حیزبی باسكردنی پرسی كورد له ناو خوی ولات ئه‌ركه‌كه‌ی خرایه سه‌رشانی رۆژنامه‌نووسانی ئازاد وئه‌و بلاوكراوانه‌ی كه به هیممه‌تی رۆژنامه‌نووسان بڵاو ده‌كرایه‌وه. رۆژنامه‌نووسی كوردی له پال ئه‌وه‌دا خوی به سه‌كۆیه‌ك ده‌زانی بۆ دیفاع له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان، له هه‌مان كاتیش دا شێوازه كاره‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی كوردی نه‌قد ده‌كرد‌و ره‌خنه‌ی خوی هه‌بوو كه ئه‌مه‌ش زۆرجار تووڕه‌بوونی به‌رهه‌م ده‌هێنا.
له رۆژهه‌لاتی كوردستان"ئازادی چاپه‌مه‌نی نیه، ئازایه‌تی رۆژنامه‌نووسان هه‌یه" ئه‌مه وته‌ی رۆژنامه‌نووسی حیزبی دێموكراتی كوردستانه. ئه‌م ئازایه‌تییه چه‌ند توانیویتی سنوره‌كانی سانسۆر‌و هێله سووره‌كان ببه‌زێنێ‌و ببێته سه‌رچاوه‌ی گۆڕان‌و شڵه‌قان‌و به‌چ نرخ‌و به‌هایه‌ك؟
ته‌عبیرێكی جوانه. به‌لام ره‌نگه قورستركردنی ئه‌ركی سه‌رشانی رۆژنامه‌نووسیی كوردی به‌و ئه‌زموونه كه‌مه‌و به‌و هه‌موو كۆسپه‌ی سه‌ر رێگای له جێگای خوی دا نه‌بێ. له بیرت نه‌چێ رۆژنامه‌نووسیی نوێی كوردی له بۆشایی‌یه‌كی گه‌وره‌و بێ ده‌نگییه‌كی سامناك دا هاته گۆڕێ كه له هه‌موو لایه‌كیشه‌وه رووبه‌ڕووی گۆمان‌و پرسیار بۆوه. له‌م لا كه‌م نه‌بوون ئه‌و هێز‌و جه‌ریان‌و كه‌سانه‌ی كه ئه‌و ره‌وته‌ی به ده‌ستكردی كۆماری ئیسلامی نێو ده‌برد‌و له‌و لاشه‌وه كۆماری ئیسلامی به ده‌ستكردی بێگانه ده‌یدایه قه‌له‌م‌و رۆژنامه‌نووسانی زیندانی ده‌كرد. ئه‌مه گرفتێكی هه‌تاكوو ئێستای رۆژنامه‌نووسی له كوردستانی ئێران دایه.
له لای ئێمه ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسی ناتوانێ سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ی گۆڕان بێ، به‌لام ده‌توانێ ورووژێنه‌ربێ. رۆژنامه‌نووسانی ئازاد له چه‌ند سالی رابردوودا زۆرپرسی له‌بیركراویان ورووژانه، تووڕه‌بوونێكی زۆریان هه‌م له ناوحاكمییه‌ت خسته‌وه هه‌م له‌ناو حیزبه كوردییه‌كان. رۆژنامه‌نوسانی ئێمه لێره‌دا رۆلێ ئۆپۆزیسیۆنیان ده‌گێڕا. به‌لام ئه‌م ئازایه‌تییه‌ی رۆژنامه‌نوسان پێویستی به پاڵپشتی هه‌یه‌و پێم وایه حیزبه كوردییه‌كان‌و به تایبه‌ت حیزبی دێموكرات ده‌بێ پرسی رۆژنامه‌نووسی له كوردستانی ئێران بكا به یه‌كێك له پرسه گرنگه‌كانی خوێ، نه‌ك به‌و مانایه ته‌داخولی تێدا بكا، به‌و مانایه به پێی توانای خوی ده‌ره‌تانێك بخوڵقێنێ بۆ كاركردی میدیای ئازاد‌و دێموكراتیك. به بڕوای من داهاتووی راگه‌یاندن له كوردستانی ئێران بۆ میدیای ئازاد‌و دێموكراتیكه. بۆیه ده‌بێ هه‌ر له ئێستاوه پشتگیریی رۆژنامه‌نووسان‌ومیدیای ئازاد بكرێ‌و زۆر جوان ده‌بێ كه ئێستا گرنگیی ئه‌م پرسه تێ بگه‌ین. به‌هێز كردنی راگه‌یاندن‌و میدیای دێموكراتیك ده‌توانێ خزمه‌تێكی به‌رچاو به قه‌زیه‌ی كوردی له ئێران دا بكا.
زۆر له رۆژنامه‌نووسانی كورد باس له قه‌یرانی خوێنه‌ر له رۆژهه‌لاتی كوردستان دا ده‌كه‌ن. به بۆچوونی ئێوه هۆكاره‌كانی ئه‌م قه‌یرانه چین كه تا ئێستا چاپه‌مه‌نیی كوردی نه‌یتوایوه لێیان قۆتار بێ؟
من به پێچه‌وانه پێم وایه رۆژنامه‌نووسیی كوردی پێش ئه‌وه‌ی قه‌یرانی خوێنه‌ری هه‌بێ قه‌یرانی بلاوكراوه‌و رۆژنامه‌ی هه‌یه. به‌و مانایه كه ئێمه ئێستا كه‌مترین تریبونمان هه‌یه بۆ نووسین‌و بلاوكردنه‌وه، هه‌موو بلاوكراوه‌كان داخران‌و كه‌مترین سایتی باوه‌رپێكراویشمان هه‌یه. میدیای حیزبییش نه‌یتوانیوه ببێ به تریبونی هه‌مووان. گرفتی گه‌وره‌ی رۆژنامه‌نوسان له كوردستانی ئێران نه‌بوونی شوێنێكه بۆ كاركردن، شوێنێكه بۆ نووسین‌و قسه‌كردن. تو له كوردستانی ئێران دا میدیای ئازاد‌و متمانه پێكراوت نیه‌و زۆربه‌یان داخران. میدیای حیزبی كه لێره‌دا ده‌یتوانی ئه‌م بۆشاییانه پڕ بكاته‌وه، ئه‌مانیش چووكترین ده‌ره‌تانیان بۆ رۆژنامه‌نووسان نه‌كرده‌وه. كێشه‌ی رۆژنامه‌نووسی كورد له ئێران نه‌بوونی میدیای ئازاد‌و دێموكراتیكه. من پێم وایه ئێمه له كوردستانی ئێران زۆرترین خوێنه‌ر‌و كه‌مترین بلاوكراوه‌و رۆژنامه‌نوسمان هه‌یه. ئاماری رۆژانه‌ی ویبلاگێكی ئه‌نتێرنێتی له كوردستانی ئێران پێمان ده‌لێ خه‌ڵك تینووی خوێندنه‌وه‌ن، به‌لام هه‌ر وه‌ك وتم شوێنی بڵاوكردنه‌وه له قامكه‌كانی ده‌ست تێ په‌ڕ ناكه‌ن. به هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه كه‌م نین ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه خوێنه‌ری به‌رده‌وامیان هه‌یه‌و نوسینه‌كانیان به هێند وه‌رده‌گیردرێن.
كه باس له چاپه‌مه‌نیی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ ده‌كرێ پێتان وانیه تا كورد به رۆژهه‌لاتی كوردستان به مافه سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خوی نه‌گا‌و ده‌سه‌لاتی دێموكراتیكی خوی نه‌بێ ئه‌و كاره دوور‌و نامومكینه؟
من راست به پێچه‌وانه‌ی تو بیر ده‌كه‌مه‌وه. له بیرت نه‌چێ رزگاریی نیشتمان زۆرجار به واتای دابینكردنی ئازادیی رۆژنامه‌نووسی نیه. به‌ڵكوو له وڵاتانی لای ئێمه زۆرجار قۆناغی پاش رزگاریی نیشتمانییش ده‌بێ به زیندانێكی گه‌وره بۆ رۆژنامه‌نووسان. به داخه‌وه پرسی چاره‌سه‌رنه‌كراوی كورد بیانوویه‌كی باش بووه بۆ بیانووگرتن به رۆژنامه‌نووسان. داوا ده‌كه‌ن نابێ ره‌خنه بگرین، چونكه له قۆناغی رزگاری داین‌و گۆمان ده‌خه‌نه سه‌ر رۆژنامه‌وانی ئازاد. به‌لام هه‌ر هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه‌ی ئه‌م قسانه ده‌كه‌ن بۆخۆیان رۆژانه له سه‌ر دابه‌شكردن‌و په‌رته‌وازه‌كردنی كێشه‌ی كورد ده‌ژین. ئه‌وانه‌ی ئه‌وان به هێڵی سوور بۆ رۆژنامه‌نووسان به بیانووی رزگار نه‌بوونی نیشتمان ته‌فسیری ده‌كه‌ن، خۆیان رۆژانه ده‌یان جار ده‌ی به‌زێنن. ئه‌م به‌رێزانه دوای رزگاریش هیچ باوه‌رێكیان به ئازادی رۆژنامه‌نوسی نیه، بۆیه رۆژنامه‌نووسیی ئازاد له قۆناغی پێش رزگارییش دا پێویستییه‌كی حه‌تمییه بۆ خستنه‌رووی هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵكارییانه‌ی كه له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان دا روو ده‌ده‌ن. خه‌لك له‌پاڵ هه‌موو كێشه‌كانی دیكه‌ی ده‌یه‌وێ بزانێ له ناو پارت‌و حیزبه‌كان چی روو ده‌دا، ده‌یه‌وێ بزانێ هۆكاری ئینشعاب‌و شكست‌و دارمانه‌كان‌و...چین؟ ئه‌مه‌ش پێویستیی بوونی رۆژنامه‌وانیی ئازاد ده‌خاته روو.
له‌و بواره‌دا به داخه‌وه حیزبه سیاسییه‌كان هه‌م بۆخویان خراپ تێگه‌یشتوون‌و هه‌م خه‌لكیشیان خراپ بار هێناوه. ئه‌م به‌رێزانه نه‌ك هه‌ر ئازادی رۆژنامه‌نووسی به‌ڵكوو هه‌موو پرسه‌كانی دیكه‌یان وه‌لا ناوه‌و دایانناوه بۆ دوای رزگاری!!. 15ساڵ به سه‌ر ئازادی كوردستانی عێراق تێ ده‌په‌رێ، به‌ڵام ئێستاش دۆستانی ئێمه زیندانی ده‌كرێن‌و هیچ یاسایه‌ك بۆ به‌رگری كردن له رۆژنامه‌نووسان نیه‌و رۆژنامه‌نووسان به یاساكانی سه‌رده‌می به‌عس دادگایی ده‌كرێن. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ر هه‌مووی وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان چه‌ندین ده‌یه‌و سه‌ده له قۆناغی پاش رزگاری‌و به‌ده‌وڵه‌ت بوونیان دا ده‌ژین، به‌لام ئازادی رۆژنامه‌نوسیان تێدا نیه. دیاره ئه‌مه به مانای نه‌بینینی جیاوازییه‌كانی نێوان حكوومه‌تێكی داگیركه‌ر‌و حكوومه‌تی كوردی نیه. من هیچ گۆمانم نیه كه رزگاری كوردستان ده‌توانێ ده‌رفه‌تێكی زۆر گه‌وره‌تر له به‌رده‌م رۆژنامه‌نووسان دا بكاته‌وه، به‌ڵام رۆژنامه‌نووسی ئازاد به‌رهه‌می سیسته‌م‌و ساختارگه‌لی دێموكراتیكه. ئازادیی رۆژنامه‌نووسی ده‌بێ هه‌ر له ئیستاوه كاری بۆ بكه‌ین‌و رۆژنامه‌نووسان وه‌ك دوژمن سه‌یر نه‌كرێن.
من پێم وایه حیزبه كوردییه‌كان له باتی پشتگوێ خستنی ئه‌م پرسه گرنگه‌وفڕێ دانیان بۆ داهاتوویه‌كی نادیار ده‌بێ هه‌نگاوی جیددی بنێن بۆ راگه‌یاندنی ئازاد‌و دێموكراتیك. حیزبه كوردییه‌كان ده‌توانن له زۆر بواره‌وه هاوكاریی رۆژنامه‌نووسان بكه‌ن‌و ده‌رفه‌تی تازه‌یان بۆ بكه‌نه‌وه‌و كۆتایی بێنن به گۆمان خستنه سه‌ر هه‌موو ئه‌و قه‌له‌م‌و ده‌نگانه‌ی كه وه‌ك ئه‌وان بیر ناكه‌نه‌وه. تو كه ئێستا به بیانووی رزگار نه‌بوونی نیشتمان مه‌جالی نووسین‌و قسه‌كردن به من نه‌ده‌ی، گۆمانم نیه سبه‌یش به بیانووی پاراستنی ئه‌زموونی كوردی هه‌زارو یه‌ك كێشه‌م بۆ دروست ده‌كه‌ی. به رای من ئه‌م شێوه بیركردنه‌وه‌یه نه‌ك هه‌ر مه‌ترسیهێنه‌ره، به‌ڵكوو خزمه‌ت به بزووتنه‌وه‌ی كوردستان‌و ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ش ناكا. من پێم وایه نابێ چاپه‌مه‌نی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر خه‌باتی ئێستای كوردی سه‌یر بكرێ، به‌ڵكوو ده‌بێ وه‌ك پشتیوانی ئه‌و بزووتنه‌ویه‌ه سه‌یر بكرێ‌و په‌ره‌پێدانیشی نه‌به‌ستینه‌وه به هیچ پرسێكی دیكه‌شه‌وه
سه‌رچاوه:http://kurdistanukurd.com/kurdi/modules.php?name=News&file=article&sid=736